مامۆستا عەبدوڕڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە سەرەتای ئەو دانیشتنە ئۆنڵاینە کە شەوی دووشەممە بەڕێوە چوو، وێڕای نزای قەبووڵی تاعات و عیبادات و تەوفیقی خێری زیاتر لەو مانگە پیرۆزدا بۆ بەشداربووان، لە بەشێک لە وتەکانیدا وتی:
سووڕەتی بەقەڕە هێندێ لە بوارەکانی شارستانییەتی ئیسلامی شی دەکاتەوە و ئاماژە بە ئەزموونی ئیسڕائیلی لە بوارەکانی ئەرێنی و نەرێنیی، بە مەبەستی ناساندنی شێوازی دروست لەسەر زەوی و تەوەری جێگیربوونی مرۆڤ وەک نوێنەری پەروەردگار لە ئاوەدانی دەکات.
سووڕەتی ئالی عیمڕانیش باس لە چۆنیەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ شارستانییەتی نەسڕانی دەکا، کە دووهەمین شارستانییەتی خاوەن کتێبی کاریگەر بووە دوای شارستانییەتی ئیسڕائیلی، هەروەها باس لە یاساکانی خوا سەبارەت بە سەرنەکەوتن، سەرکەوتن و شکست لە بوارەکانی جۆراوجۆری ژیاندا و چۆنیەتی گۆڕینی شکستەکان بە سەرکەوتن دەکات.
ئەمینداری گشتیی جەماعەت لە درێژەی وتەکانیدا، بە پشتبەستن بە ئایەتەکانی سووڕەتی نێساء، گرینگترین بنەما و پایەکانی گەشە و پێشکەوتنی ژیانی مرۆیی بەم چەشنە ئاماژە پێدا:
جیهانیبوونی ڕووی قسەی قوڕئان؛
جەخت لەسەر پارێزگاری وەک هۆکاری ڕێکخەری مافەکان؛
جەخت لەسەر شکۆی مرۆڤ، بەتایبەت مافی ئافرەتان و پێگەی مرۆیی ئەوان؛
پێدانی مافی دەسەڵات و هەڵبژاردن بە مرۆڤ، بە مەبەستی پەرەپێدان و گەشەی ژیان لەڕووی کات و شوێنەوە؛
گرینگیدان بە سیلەی ڕوحم؛ دوور و نزیک؛
گەشە و بەرزکردنەوەی پلەی خێر و چاکەکاری لە زاتی مرۆڤدا.
دەقی وتەکانی ئەمینداری گشتی بەم زوانە بڵاو دەکرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆڕتی ئیسلاحوێب و بە وتەی جەماڵ ئیسماعیلی، سکرتێری شوڕای ناوەندیی جەماعەت، لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا و بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، پێکهاتەی جێگران و بنکەکانی ناوەندی تاوتوێ کران و خرانە بەر باس و بڕیار درا کە:
۱. بنکەکانی «زانایان و قوتابیانی زانستی ئایینی»، «ئافرەتان»، «مامۆستایان» و «قوتابییانی زانکۆ» وەکو جێگر لە پێکهاتەی ئیداری دانەرێن.
۲. «بەڕێوبەرایەتی ئیداری و دارایی» بە «جێگریی ئیداری و دارایی» بگۆڕدرێت.
۳. «بنکەی هەڵبژارد» لەژێر چاوەدێری ئەمینداری گشتی پێک بێت.
۴. بنەمای پێکهاتنی «لێژنەی کارگێڕی» لە ئاستی شارستانەکاندا بێ، نەک ئاستی شارەکان.